لە هێرشێکى هێزەکانى کۆماندۆى ئەمەریکادا لە یەمەن ١٤ چەکدارى قاعیدە کوژراون، کە بە لانیکەمەوە سێ کەس لە کوژراوەکان فەرماندەى چەکدارکانى قاعیدە بوون لە یەمەن. هەروەها لەو هێرشەدا سەربازێکى ئەمەریکى کوژراوە و سێ سەربازى تریش برینداربوون.
به پێی هەواڵ دەریی ئەهلی بەیت(ع)، ابنا: ئەمڕۆ ٢٩ى کانوونی دووەمی ٢٠١٧ جەنەڕاڵ جۆسێف ڤۆتێل فەرماندەى فەرمادەیى ناوەندیى هێزەکانى ئەمەریکا ڕایگەیاند، یەکە تایبەتەکانى ئەمەریکا شەوى ڕابدوو هێرشیان کردووەتە سەر بنکەیەکەى چەکدارەکانى قاعیدە لە یەمەن و بەهۆى ئەو هێرشەوە ١٤ چەکدارى قاعیدە کوژراون.
بەپێى هەواڵێکى ئاژانسى ڕۆیتەرز، بەرپرسێکى ەکدارەکانى قاعیدە بە ناوى عەبدولڕەئوف زەهیب و دوو برای و فەرماندەیەکى ترى چەکدارەکانى قاعیدە بە ناوى سەیف نەمیس و چەند بەرپرسێکى ترى بیانیى چەکدارەکانى قاعیدە کوژراون.
بەرپرسانى یەمەن لەو بارەیەوە ڕایانگەیاندووە، لە هێرشی کۆماندۆکانى ئەمەریکادا کە بە کۆپتەرى جەنگیى جۆرى ئاپاچى پاڵپشتى کراون، نەخۆشخانەیەک، خوێندگەیەک و مزگەوتێکیش کراونەتە ئامانج.
تۆڕى هەواڵى بى بى سیش ئەوەى خستووەتەڕوو، هێرشەکە لە ناوچەى ئەل بایدایە لە یەمەن ئەنجامدراوە.
بەشێکیش لە میدیاکان بڵاویانکردووەتەوە، لەو هێرشەى کۆماندۆکانى ئەمەریکادا ٤١ گومانلێکراوى سەر بە قاعیدە و هەروەها هەشت ژن و هەشت منداڵیش کوژران، بەڵام تا ئێستا ئەو زانیارییە بە شێوەى فەرمى پشتڕاست نەکراوەتەوە.
هەروەها بەپێى لێدوانی جۆسێف ڤۆتیل فەرماندەى فەرماندەیى ناوەندیى ئەمەریکا لەو هێرشەدا سەربازێکى ئەمەریکى کوژراوە و سێ سەربازى ترى ئەمەریکى برینداربوون.
٢٩ کانوونی دووەم ٢٠١٧ - ٢٢:٣٩
News ID: 808146
لە هێرشێکى هێزەکانى کۆماندۆى ئەمەریکادا لە یەمەن ١٤ چەکدارى قاعیدە کوژراون، کە بە لانیکەمەوە سێ کەس لە کوژراوەکان فەرماندەى چەکدارکانى قاعیدە بوون لە یەمەن. هەروەها لەو هێرشەدا سەربازێکى ئەمەریکى کوژراوە و سێ سەربازى تریش برینداربوون